لە ڕێوڕەسمی كرانەوەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكیەتیی عەڕەبیدا، نەبیل ئەلعەرەبی داوای لە سەرجەم بەشداربووان كرد كە بە “هەڵوێست گرتنی هاوبەش، ڕوونو لێبڕاو” داوا لە ئێران بكەن واز لە دەستێورەدان لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی بێنێ.
نەبیل ئەلعەرەبی، سەرۆكی یەكیەتیی عەرەب، لە كۆبوونەوەی ئەم یەكییەتییەدا كە ڕۆژی یەكشەممە ٢٠ی بەفرانبار گیرا، ئێرانی بەوە تاوانبار كرد كە بە خۆتێهەڵقورتاندن لە كاروباری ناوچەدا، هەوڵی ورووژاندنی لایەنەكان دەداو كاری تێكدەرانە دەكا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، عادڵ ئەلجەبیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لەم كۆبوونەوەیەدا، وێڕای ئاماژە بەم هێرشانەی كە لە ئێران كراونەتە سەر ناوەندە دیپڵۆماتیكەكانی عەرەبستان گوتی: “ئەم پەلامارانە، وێنایهکی ڕوونو ئاشكرایە لە ئاراستەیەك كە ئێران لە سیاسەتەكانیدا، بە تایبەت بە نیسیبت ناوچەی عەرەبی گرتوویەتە بەر.”
ئەم كۆبوونەوەیە ڕۆژێك پاش كۆبوونەوەی شوورای هاوكاریی وڵاتانی كەنداوی فارس گیرا که لە ڕیاز بەڕێوچوو، لهو کۆبوونهوهیهشدا ئێران به توندی مەحكووم كراوە.
كاربەدەستێكی یەكیەتیی وڵاتانی عەرەبی كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێ بە ڕۆژنامەی “ئەلئیقتسادیە”ی عەرەبستانی ڕاگەیاندووە چاوەڕوان دەكرێ جگە لە ٣ وڵات، باقی وڵاتانی یەكیەتیی عەڕەب پشتیوانی لە عەرەبستان بكەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە ناوی ئەم ٣ وڵاتە نەكرد.
بەپێی قانوونەكانی یەكیەتیی وڵاتانی عەرەب، بۆ قەبووڵ كردنی گەڵاڵەیەك لەم یەكیەتییەدا، پێویستییان بە پشتیگری كردنی ١١ وڵات هەیە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێ كە عەرەبستانی سعوودی لە نێو سەرجەم ٢٢ ئەندامدا، لە لایەن ١٨ وڵاتهوه پشتیوانی لێ بكرێ.