ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لە تاڵبان لە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا گوشار بخاتە سەر ئەو وڵاتە.
بەپێی هەواڵی دەنگی ئەمریکا کۆبوونەوەی ئەو دواییانەی تاڵبان و بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران، لە ڕوانینی هەندێ لە کارناسان بە واتای هەوڵی ڕێژیمی ئیرانە بۆ زۆرترکردنی گوشارەکان لە دانوستاندنەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و مانەوەی میلیشیاکانی خۆیەتی لە ئەفغانستان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ بۆ ماوەی یەک حەوتوو ببووە خانەخوێی هەیئەتێکی تاڵبان کە “مەلا برادەر” ڕاوێژکاری بەرپرسی ئەو گرووپە سەرپەرەستی ئەو هەیئەتەی دەکرد، ڕێژیمی ئێران چوونی ئەو هەیئەتەی تاڵبان بۆ وڵاتەکەی وەکوو بەشێک لە سیاسەتەکانی خۆی بۆ ڕاوێژکاری دانوستاندنەکانی ئاشتی ئەفغانستان نێودێر کردووە.
کامران بوخاری بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە لە ناوەندی سیاسەتی جیهان دەڵێ: کۆماری ئیسلامیی ئێران هاندەرێکی گەورەیە بۆ پەرەسەندنی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاڵبان و ئەویش ئەوەیە کە دەیهەوێ بیکاتە ئامرازێکی گوشار بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا دانووستان بکات.