سێ وڵاتی زلهێزی ئورووپایی، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، نیگەرانن لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو و بەپێچەوانەی ڕێککەوتنی ناوکیی دەزانن و دەڵێن: ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران، هەنگاوێکە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی.
لەندەن، پاریس و برلین ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش ڕەخنەی توندیان لە ڕێژیمی ئێران گرت و ڕایانگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام، ڕێژیمی ئێران ناتوانێ ئۆرانیۆمی پیتێندراو بەرهەم بهێنێ.
ئەم سێ وڵاتە بەشدارە لە ڕێککەوتنی بەرجام، بە ئاماژە بەو بەیاننامەیەی کە مانگێک پێش ئێستا بڵاویانکردبووەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو تەنیا بە مەبەستی سەربازییە و هەنگاوێکی خێرای ڕێژیمی ئێرانە بۆ دەسپێراگەیشتن بە چەکی ناوکیی و کۆمەڵکوژ.
فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان، داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد بێ هیچ پاساوێک کۆتایی بە چالاکییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بهێنێ و پێبەندبێ بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی بەرجام.












