دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان کۆچیدوایی کرد.
رۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، دایە “خەجیجە بیادار” دایکی شەهید “کەریم ئارامش” ناسراو بە “کەریمی عەلی فەرامەرز” مالاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە ئاواتەکەی کە وەدیهاتنی ئامانجی کورە شەهیدەکەی بوو بۆ هەمیشە لە لیدان کەوت.
دایە خەجیجە دایکێکی دڵسۆز و خەمخۆری حیزبی دێموکرات بوو و هەمیشە ماڵەکەی جێی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە.
کەریم ئارامش لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوییەوە پەیوەست بووە بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و وەک پێشمەرگەیەکی بوێر و چاونەترس لە چەندین عەمەلیات لە دژی هێزەکانی ڕێژیم بەشداریی کردووە و فەرماندە لکی هێزی بەیان بووە کە لە رۆژی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ی هەتاوی لە کاتی گرتنی پایەگای حوسێنمامە لە گەڵ ٤هاوسەنگەری دیکەی شەهید بوون و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچیدوایی دایە “خەجیجە بیادار” سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.