دایە شێخزادە ئامینە حوسێنی کەسایەتی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەکە و کچی شێخ جەسیم حوسێنی لە گوندی قەڵاجوغە ی سەربە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، دایە شێخزادە ئامینە کچی شێخ جەسیم لە گوندی قەڵاجوغەی سەربە شاری مەهاباد لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە کەسوکاری کرد.
دایە شێخزادە ئامین کەسایەتی دیاری ناوچەکە و سەرۆکی بنەماڵەی گەورەی نوورانی بووە، بەهۆی بەشداریی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە لە بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد، دەیانجار ئەو بنەماڵە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە ئازار و ئەشکەنجە کراون و دایە شێخزادە چەندین جار لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە سووکایەتی پێکراوە.
شایانی باسە کە، دایە شێخزادە سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی ڕێژیم بەردەوام پشتیوانی لە پیشمەرگە و هەمووکات ماڵەکەی شوێنی حەوانەوەی پیشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بووە، بەداخەوە لە تەمەنی ٨٢ساڵیدا ماڵئاوایی لە نیشتمان و دڵسۆزانی کوردستان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕێنی خەم و پەژارە بەبۆنەی کۆچی دوای دایە شێخزادە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی نوورانی و هەموو کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.