دایە خونچە ئامانی، دایکی کاک حەسەن خۆشکەلام پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، دایە خونچەئامانی دایکی کاک حەسەن خۆشکەلام، لە تەمەنی ٨٠ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
دایە خۆنچە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری شاری سەردەشت بوو کە بەهۆی خۆشەویستی بۆ نێشتمانەکەی و حیزبی دێموکراتی کوردستان، کوڕێکی بە ناوی حەسەن خۆشکەلام دەبێ بە پێشمەرگەی حیزب و دایە خونچە دەبێتە دایکی هەموو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەموو ساڵێک بۆ چاوپێکەوتنی ئازیزانی سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و بە دیتنی کوڕە پێشمەرگەکەی و هەموو پیشمەرگەکانی حیزب دڵخۆش دەبوو و وەکوو دایکێکی دڵسۆز هەمووپێشمەرگەکانی لە ئامێز دەگرت.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە” خونچە ئامانی” سەرەخۆشی لە کاک حەسەن خۆشکەلام و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.