چارەنووسی چالاکێکی ژنی خەڵکی سنه که حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، هێشتا نادیارە.
بەگوێڕەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەڕەڕای تێپەڕینی ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ڕۆئیا جەلالی، چالاکی خەڵکی سنە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هێشتا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیم ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆئیا جەلالی و بە دروستکردنی کەشێکی تۆقینەر و پڕ لە ترس ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
ڕۆئیا جەلالی دایکی دوو مناڵە و بە هۆی ئەوەی گیرۆدەی نەخۆشیی MSـە، بنەماڵەکەی زۆر لە بارودۆخی ئەو نیگەرانن.
جیگای ئاماژەیە کە ڕۆئیا جەلالی هاوژینی خەبات مەفاخیری، لە چالاکانی ژینگەپارێزی سنەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباریی ٩٩، پاش چوار مانگ دەستبەسەریی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی لە زیندان ئازاد کرابوو.