وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێ: میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەن بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتی عێراق و سووریە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و سووریە هوشداری دا و دەڵێ ئەو میلیشایانەی کە بە فەرمانی تاران دەجووڵێنەوە گەورەترین هەڕەشەن بۆ عێراق و سووریە.
لە ٢٤هەمین ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە ساڵی ڕابردوو پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە، ئەوە دەخاتەڕوو کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە زۆربەیان لە عێراق و سووریەن، لەساڵی ڕابردوودا گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆسەر چالاکیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە ناوچەکەدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی “پێنتاگۆن” میلیشیا چەکدارانی سەربە ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە عێراق و باکووری سووریە هێرشیان کردۆتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تا ئێستاش هەروا درێژە بەو کردەوە تێکدەرانە دەدەن و هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک کە ئەمریکا پشتیوانییان لێ دەکات دەیانکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.