عەزیمە ناسری، خەڵکی بۆکان زیاتر لە یەک مانگە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی هەروا نادیارە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، هاونیشتمانییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی “عەزیمە ناسری” کە زیاتر لە یەک مانگە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دسبەسەر کراوە و چارەنووسی هەروا ناڕوونە.
عەزیمە ناسری ڕۆژی ۱۵ی ڕێبەندان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ دوای تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ گوازراوەتەوە، ناوبراو لەو ماوەیەدا چەند جار بە کورتی توانیویەتی لە ڕێگای تەلەفونەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی بگرێ کە دوایین جار نەیاهێشتووە بەکوردی لەگەڵ مناڵەکانی قسە بکات و ناچاریان کردووە بە زمانی فارسی قسەیان لەگەڵ بکا.
عەزیمە ناسری، لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەر کردنەکان لە کوردستان ڕۆژی ۲۰ی بەفرانبار لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ ورمێ گوازرایەوە.
سەرە ڕای چەندین جار بەدوا داچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست دانییە و نازانرێ چ تۆمەتێکی بەسەردا دەسەپێنن.