وڵاتی کانادا فایلێکی دەنگی محەممەدجەواد زەریفی دەسکەوتووە و خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی زۆرترە لەو بارەوە کە باسی جینایەتەکانی سپای پاسداران و خامنەیی و شاردنەوەی ئەو جینایەتانە لە لایەن ڕێژیمەوە دەکا ،
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کاناڵی هەواڵی “سیبیسی” ڕایگەیاند کە، دەولەت و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کانادا خەریکی هەڵسەنگاندنی فایلێکی دەنگین کە دەگوترێ دەنگی “محەممەدجەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیرانە و لەو دەنگەدا باسی ئەوە دەکات کە سپای پاسداران بە ئانقەست فڕۆکە ئۆکڕاینییەکەی خستۆتە خوارەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو دەنگەی محەممەدجەواد زەریف باس لەوە دەکات کە، چەندین هۆکار لە چۆنییەتی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە هەیە بۆ نموونە دەڵی؛ دوو یان سێ کەسی سیخوڕ لەژێر فەرمانی سپای پاسداران ئەو کارەیان کردووە، ئەو سیناریۆیە دوور نییە لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەروەها کاناڵی “سیبیسی”کانادا ئەوەشی زیاد کردکە، فایلی دەنگی محەممەدجەواد زەریف لە درێژەدا باسی ئەوەش دەکات کە حکوومەت و چەکدارانی ڕێژیمی ئێران بەدەیان کردەوەی لەو شێوەیان ئەنجام داوە و هیچکات نایانهەوێ ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن و هۆکاری ئەوەیکە ڕاستیی ئەو کارەساتە ئاشرا ناکرێت ئەوەیە کە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی ڕێژیمدا نییە و ئەگەر ئاشکرا بکرێت دەرگاکان لەسەر سیستمی بەرگریی وڵات دادەخرێت.
جێی ئاماژەیە کە، سپای پاسداران ساڵی رابردوو بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، فڕۆکەیەکی ئۆکراینی کە لە فڕۆکەخانەی خومەینی تاران بەرەو ئۆکڕاین دەڕۆیشت کردییە ئامانجی دوو مووشەک و ١٧٦کەس گیانیان لەدەسدا.