دادوەری گشتیی سنە خوازیاری بە سزا گەیاندنی یازدە هاووڵاتیی خەڵکی سنەیە کە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە هەڵوێستیان گرتووە
هەنگاو: یازدە هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی گیان بەختکردوانی فرۆکە ئۆکراینییەکە کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، خرابوویەخوارەوە بەشدارییان کردبوو و خوازیاری دادگاییکردنی بکەرانی ئەو تاوانه بووبوون، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامییەوە دەستبەسەر و بۆ دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە بانگ کراون.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژمارەیەک هاووڵاتیی سنەیی کە لە کووبوونەوەیەکی هێمنانە، تەقاندنەوەی فرۆکەی ئۆکراینییەکەیان ئیدانە کردبوو و خوازیاریی سزادانی تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بوون، لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی سنەوە دەستبەسەر و دۆسیەکەیان بەڕێ کراوە بۆ لقی ئەمنییەتیی ( لقی ٧) خانەی دادی سنە.
لە ئاکامدا دۆسیەی ئەو کەسانە بە دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەر و دادگاییکردن، بە تۆمەتگەلی سووکایەتی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی، تێکدانی ئاسایشی گشتیی و کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نێوخۆیی وڵات و بە پەسندکردنی لەلایەن دادوەری گشتیی شاری سنە، بۆ لقی یەکی دادگای شۆرش و هەروەها دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە بەڕێکراوە.