دەوڵەتی یاسایی یەمەن : لەم کاتەدا کە هەموو جیهان هەوڵی ئاشتی وسەقامگیری لە ناوچەکەدا دەدا میلیشیا حوسییەکانی یەمەن بە فەرمانی ڕێژیمی ئێران لە تاران خەریکی کردەوەی تێرۆریستیی و ناسەقامگیری ناوچەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سەبا، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، موعین عەبدوڵمەلک سەرۆک وەزیرانی یەمەن لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەتی یاسایی یەمەندا وتی: لە کاتێکدا هەمووکۆمەڵگەی جیهانی هەوڵی ئاشتی لە جیهاندا دەدەن، میلیشیا حوسییەکانی یەمەن بە فەرمانی باڵای ڕێژیمی ئێران، هێرشی تێرۆریستیی دەکاتە سەر خەڵکی یەمەن و وڵاتانی دەورووبەر و پەیامی ئاشتی کۆمەڵگەی جیهانی وەرناگرێ.
سەرۆک وەزیرانی یەمەن داوای لە هەموو کۆمەڵگەی جیهانی و شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە هەموو هێزیانەوە بەرەنگاری میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکان ببنەوە کە بە پشتیوانی ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیرین لە ناوچەکەدا.
ئەم وتانەی سەرۆک وەزیرانی یەمەن پێدەچێ وڵامێک بێ بۆ ئەمریکا کە دەیهەوێ حوسییەکان لە لیستی ڕەشی تێرۆر بێنێتە دەرەوە.












