کۆمیتەی پێوەندییەکانی درەوەی سێنای ئەمریکا پشتیوانی لە بڕیارەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن لە بارەی بابەتی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانەوە دەکات.
باب مێنێدز سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا سپاسی جۆ بایدێنی کرد لەبەر ئەوەیکە ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی بۆ بەرجام گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران کەم ناکاتەوە و پشتیوانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیکی توندوتۆڵتر بۆ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.
سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئەمریکا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕابگرێت گوتی: هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕیژیمی ئێران دەبێ درێژخایەن و زۆرترکردنی بەڵێنەکانی ناوکیی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە کرداریی بکرێن و بەتەواوی پێبەندی هەموو بەڵێن و یاساکانی ناوکیی بێت، دەنا ناکرێ بە ئاسانی متمانە بە ڕێژیمی ئێران بکرێ.
ناوبراو هەرەها لە درێژەدا گوتی: ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لەو ڕێژیمە هەمانە کارێکی ئاسان نییە و پێبەندی هیچ بەڵێن و یاسایەک نابێ، بۆیە پێویستە دەوڵەتی جۆ بایدێن بە ئامادەبوونی وڵاتانی زلهێز و دەوڵەتانی ناوچەکە و بە پارێزەوە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.












