یووسف خوسرەوی کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی رێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کاک یووسف خوسرەوی کەسایەتیی خۆشناو و نێشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد وبۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک یووسف کوڕی مامە خەلیل خوسرەوی کەسایەتیی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی مەهاباد بووە و لە سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستان لە مەهاباددا مامە خەلیل وەزیری کابینەی کۆمار بووە.
کاک یووسف بەهۆی کەسایەتیی باوکیەوە لە کاتی دەسەڵاتی پێشووی ئێراندا دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەیەک لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی پەهلەوی دەسبەسەر دەکرێ.
شایانی باسە کە خۆشەویستی و نیشتمانپەروەریی کاک یووسف وەها جێگەی خۆی لە ناو دڵی خەڵکی ناوچەی مەهاباددا کردبوەوە کە لە کاتی ناشتنیدا خەڵکێکی زۆر بەشداری رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکەی بوون و بەم جۆرە رێزی خۆیان بەرانبەر بەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە نواندووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک “یووسف خوسرەوی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.