ئارانشا گۆنزالێس دەڵێ ڕێککەوتی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ دەسکاری بکرێت و یاسایەکی توند و تۆڵی بۆ دابنرێ.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ئارانشا گۆنزالێس وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “ئەلعەرەبییە” جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ لە ڕێگەی وتووێژەوە دەسکاری بکرێت و ڕێژیمی ئێران بە تەواوی پێبەندی هەموو دەروەستییەکانی بێت.
گۆنزالێش نیگەرانیی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەسکاری نەکردنی ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند و گوتی؛ دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێ بەشێک بن لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و با وەکوو ڕابردوو نەبێ کە ڕێژیمی ئێران بە کەیفی خۆی هەموو پێشێلکارییەک بکات و ببێتە هەڕەشە بۆ ناوچەکە.
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا گوتی: بەمەبەستی پێوەندیی سیاسیی وڵاتەکەمان سەردانی ٣وڵاتی ناوچەکەمان کردووە. لەو سەفەردا بابەتی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ٣ وڵاتە خستۆتە بەرباس و ئیسپانیا لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.