دەوڵەتی یاسایی یەمەن بەنیسبەت لێکەوتەکانی پاشگەزبوونەوە لە بە تێرۆریستی ناسینی میلیشیا چەکدارەکانی حووسی لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداریی داوە. و دەڵێ ئەوە دیارییەکە بۆ ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، “مەعمەر ئەلئەریانی” وەزیری زانیاریی یەمەن، ڕایگەیاندووە کە پاشگەزبوونەوە لە بە “تێرۆریست ناسینی” حووسییەکان، لە لایەن ئەمریکاوە دیارییەکی بێ بەرانبەرە بە ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتی سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا دەکات و بەرژەوەندییە نێونەتەوەییەکان دەخاتە مەترسییەوە.
مەعمەر ئەلئەریانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە، ئەگەری هەیە کە ئەمریکا لە بە تێرۆریست ناساندنی حووسییەکانی یەمەن پاشگەز ببێتەوە، ئەوە دەتوانێت پەیامگەلێکی هەڵە بە حووسییەکان و بە دوای ئەویشدا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەیەنێت تا درێژە بە ئاژاوەگێڕی و جینایەت و پێشێلکارییەکانیان لە ناوچەکەدا دژ بە خەڵکی سڤیل بدەن.
ئەلئەریانی لەدرێژەدا وتی: لایەنەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گوشارگەلێکیان خستۆتە سەر میلیشیاکان تا چالاکییە سەربازییەکان لە شاری “ئەلحەدیدە” بە بیانووی قەیراناویبوونی دۆخی مرۆیی ڕاوەستێت و دەوڵەتی یەمەنیش بە پێداگری لەسەر ئاشتی وڵامی ئەو بانگەوازە ئەرێنییانەی داوەتەوە و لە وتووێژەکانی “ستۆکهۆڵم” کە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ چوونەدەرەوەی میلیشیا حووسییەکان لە شاری ئەلحەدیدە، گۆڕینەوەی دیلەکان و دزراوەکان بەشداریی کرد.
لێدوانەکانی ئەلئەریانی لە کاتێکدایە کە بەشێک لە شارەزایانی سیاسیی جیهان لەوباوەڕەدان کە ئەمریکا دەیهەوێ بەم هەڵوێستە تازەی حوسییەکانی یەمەن لە کۆماری ئیسلامی ئێران دوور بخاتەوە.












