وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران: ئیسرائیل لە کردەوەدا بوێریی جێبەجێکردنی هیچ هەڕەشەیەکی نییە
ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، لە وڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران وتی: ئێسرائیل لە کردەوەدا بوێریی هیچ چەشنە کردەوەی سەربازییەکی نییە.
حاتەمی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە قەزوین وتی: ئیسرائیل تەنیا قسە و هەڕەشە دەکا هێزی ئەوەی نییە هەڕەشەکانی بەدژی ئێران بباتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەهاتنەسەرکاری جۆبایدێن وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا دەنگۆی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام و هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە هەمبەر مەترسیی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە هەڵکشاندا بووە.
هەرلەم پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەو پێش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاماژەی بە هێرشی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کردوو وتی: ئێمە هەموو کات ئامادەین و هێزی ئەوەمان هەیە کە هێرشی سەربازیی بکەینە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.
شایانی باسە کە حاتەمی لە کاتێکدا بانگەشەی بەهێزیی کۆماری ئیسلامی و ترسەنۆکیی ئیسرائیل دەکا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠جار لە سووریە هێرشی کردۆتەسەر بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر توانای وڵامدانەوەی نەبووە بەڵکوو نەیوێراوە باسیشی بکا.












