زیاتر لە ٥٠ نوێنەری کۆماریخوازەکان لە مەجلیسی سنای ئەمریکا داوایان لە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد کە نەگەڕێتەوە بۆ بەرجام.
مایک گارسیا، نوێنەری کۆماریخوازەکانی کالیفۆڕنیا و نوێنەری کارولینا لەگەڵ ٥١ کەسی دیکە لە نوێنەرانی کۆماریخوازەکان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت ڕێککەوتنی ناوکیی ڕێژیمی ئێران نووسیان:” کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لە سەر بەرنامەی ناوکیی لە سەرەتاوە هەڵە بووە و بەرجام نەبووەتە هۆی ئەوەی کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا و هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام کارێکی دروست بووە و سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەدژی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە بوو بەهۆی ئالوگۆڕێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو کاتەوە ئێمە شاهیدی پێوەندی زیاتری وڵاتانی ناوچە لەگەڵ ئیسرائیل بووین و دەزانین کە بەهێزکردنی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل گرینگیەکی زۆری بۆ ئەمریکا هەیە”.
ئەو ٥٢ نووێنەرەی ئەمریکا لە درێژەی نامەکەیاندا بۆ “جۆ بایدێن” جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە یەک دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ کێشەی زۆر بەڕوو بووەتەوە پێوستیی بە ستراتێژی تازەیە لە لایەن ئەمریکاوە کە ئەویش ئەوەیە کە درێژە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەدژی ئێران بدات و سازان لەگەڵ ئێران هەرەشەیە بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بە تایبەت ئیسرائیل و ئەوەشیان زیاد کرد کە ئەمریکا ناتوانی میلیاردها دۆلار بە ئێران بدات تا پشتیوانیی لە تێرۆریزم بکات و ئاڵۆزی و بشێوی لە ناوچەکە زیاتر بکا، بەرنامەی مووشەکیی بالستیکی پەرە پێبدا، مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی خۆی پێشێل بکا.
هەر لەو پێوەندیەشدا نزیک بە ٤٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی ئێران لە نامەیەکی سەر ئاوەڵادا بۆ بایدێن داویان لێکرد کە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، دیپلۆماتی و دارایی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە پێبدات.












