عەلی سەلیمی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد.
عەلی سەلیمی، ئەندامی دێرینی حیزب و خەڵکی شارەدێی ئاختەپەی سەر بە شاری سایینقەڵا لە ناوچەی هەوشار، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک عەلی سەلیمی سەرەتای تێکۆشانی کار و چالاکیی حیزبی خۆی لە ڕێکخراوی جەغەتووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هەوشار دەسپێکرد و وەک هێزی بەرگری، بەردەوام هاوکار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و حیزب لەم ناوچەیە بوو.
ناوبراو لە ساڵانی دواتردا وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و ئەرک وەخۆگری حیزب لە گەیاندنی یارمەتی بە پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشاردا درێژەی بە تێکۆشانی حیزبی دا و وەک کەسێکی نیشتمانپەرەوە متمانەی خەڵکی ناوچەکەی وەدەستهێنا.
هەرچەند لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی بەساڵداچوون و نەخۆشییەوە، گوڕی ساڵانی پێشووی بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی نەمابوو، بەڵام تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزب و شەهیدان مایەوە.
شایانی ئاماژە پێکردنە کە برایەکی کاک عەلی بە ناوی سوڵتان سەلیمی ناسراو بە میرزا سوڵتان بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ڕیزی هێزی شەهیدانی هەوشاردا پێشمەرگە بوو، کە دوای چوونەوەی بە هۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنەوە گیانی لە دەسدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەلی سەلیمییەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و خزم و کەسوکاری مام عەلی و تێکڕای خەڵکی هەوشار دەکا.











