ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەنیسبەت ئەگەری لەسێدارەدانی ٨ چالاکی ئەهوازی و بەلووچستانی لە ئێران هۆشداریی دا و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد لەو ماوەیەدا کە نیگەرانیی لە ئێعدامەکان لە ئێراندا بەرز بۆتەوە، بەزووترین کات ئێعدامی ئەو ٨ کەسە ڕابگرێت.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگە جیهانییەکان، لەوانە ناوەندە مافی مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا کردووە تا بۆ ڕزگارکردنی ئەم چالاکانە بە زووترین کات هەنگاو هەڵگرن.
دایانا ئەلتەحاوی جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا وتی: نیگەرانییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئێعدامی بەلووچ و عەرەبەکان لە ئێران بەرز بۆتەوە و ئەمە وا نیشان دادەت کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سزای سێدارە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕواکێ لەنێوان کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران و کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرن.
هەروەها ناوبراو دەڵێ، بەڕێوەبردنی سزای لەسێدارەدان بەدژی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران، نیشاندەری هەڵاواردن و زوڵمێکە کە ئەو نەتەوانە لە ئێران چەندین دەیەیە لەگەڵی بەرەڕوون.
شایانی باسە کە، هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردن و گرتنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەستی پێکردووە و لەماوەی ئەو یەک مانگەدا زیاتر لە ١٢٠ کەس دەسبەسەر کراون.