ئاستی بێکرای لە پارێزگای کرماشان لە گشت پارێزگاو شارەکانی دیکەی ئێران بەرزترە، بەڵام بە پێێ دان پێدانانی کاربەدەستانی ئەو پارێزگایە، تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ هێنانە خواری ڕێژەی بێکاری هەڵ نەهێندراوەتەوە.
حەمید چاوەشی، بەرپرسی لقی ٣٧ی دادگای دیوانی عەداڵەتی ئیداریی وڵات، لە کۆبوونەوەیەکداو بە ئامادەبوونی خوێندکارانی زانکۆی کرماشان باسی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکومەت کردو گوتی: لە پارێزگای کرماشاندا کۆمەڵێکی یەکجار زۆر خەڵکی خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانستین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەرگای بازاڕەکانی کار بەڕوویاندا داخراوەو هیچ جێیەک نیە کە ئەو خەڵکە خوێندەوارو زانکۆچووەی تێدا دابمەزرێن.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بە ئاماژە بەوەی کە دەبێ خوێندن لەگەڵ تایبەتمەندییەکاندا یەکبگرێتەوە گوتی: ئاماری بێکاری لە پاڕیزگانای جیرانمان کە سەردەمانێک بەشێک بوون لەم پارێزگایە، جیاوازییەکی زۆری هەیەو ئاستی بێکاری لەو ناوچانە زۆر نزمترە، هەر بۆیە ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە کە لە پارێزگای کرماشاندا هیچ هەوڵێک لە لایەن بەرپرسانو کاربەدەستانی حکومەتەوە بۆ دۆزینەوەی هەلی کارو هێنانە خوارێی ڕێژەی بێکاری نەدراوە.
چاوەشی لە درێژەدا گوتی: بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە بەردەست دان بارودۆخی پارێزگای کرماشان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێو چاوەڕوانی داهاتوویەکی ڕووناک بۆ ئەو پارێزگایە ناکرێ. ئەو دەڵێ ئاستی بەرزی تەڵاق، بێکاری و ئێعتیاد لە شانو شەوکەتی خەڵکی کرماشاندا نیە.
بەرپرسی لقی ٣٧ی دادگای دیوانی عەداڵەتی ئیداریی وڵات بە ئاماژە بەوەی کە باس کردن لە ئاستی بەرزی بێکاری لە پارێزگای کرماشاندا هێندە دووبارە بووەتەوە کە هەمووانی هیلاک کردووە، گوتی: چەندین ساڵە ڕاگەیەنە گشتییەکان باس لە ئاستی بەرزی بێکاری لەم پارێزگایە دا دەکەن، بەڵام ئایا تاکوو ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکومەت دڵسۆزانە هەوڵی بۆ چارەسەری ئەو گرفتە گەورەیە داوە؟
هاوکات ئەسەدوڵا ڕازانی، پارێزگاری کرماشانیش لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە پارێگای کرماشان لە قافڵەی ئاوەدانی ئێران بە جێ ماوەو ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایەدا لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران بەرزتر بێ.
پێویست بە ئاماژەیە کە چالاکانی مەدەنی کرماشانیش سەبارەت بە دۆخی نالەباری خەڵک و ئاماری بەرزی بێکاری دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندووەتە گوێ کاربەدەستانی حکومەت، بەڵام سەرەڕای وەدەنگ هاتنی کاربەدەستە ورد و درشتەکانی حکومەت و ناڕەزایەتی زۆری خەڵک، هیچ کەس خۆی بە بەرپرسی ئەو دۆخە نازانێ و دیاریش نیە کە چ کەس یان کەسانێک لەو پەیوەندییە دا تاوانبارن.