دەسبەسەرکردنی شازدە کەس لە ئەندامانی گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ئێران لە لایەن ئیتیۆپی
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرانسە لە زمان کاناڵی تەلەویزیۆنی ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیتیۆپی شازدە کەسیان لە ئەندامانی گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە دەیانویست باڵوێزخانەی ئیمارات لە ئادیسابابا بتەقێننەوە دەسبەسەر کران.
بەرپرسانی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تاوانبار لە پلاندانان بۆ ئەو تەقینەوەیە مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەیانهەوێ تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و موحسین فەخریزادە بکەنەوە و دەیانهەویست کردەوەیەکی هاوشێوەش لە دژی ئیمارات لە سوودان ئەنجام بدەن و ئەو دەسبەسەر کراوانە بە تایبەت سەرکردەکەیان بە ناوی “ئەحمەد ئیسماعیل” کە هاووڵاتیی سوئێدە پێشتر لەلایەن پولیسەوە دەسبەسەر کرابوو.
هەواڵدەریەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە کاربەدەستانی ڕێژیم دەیانهەوێ کردەوی تێرۆریستی لە باڵوێزخانەکانی ئیسرائیل، ئیمارات و ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەفریقا ئەنجام بدەن.
هەر لەو پێوەندییەدا شەوی هەینی ڕابردوو تەقینەوەیەک لە نزیکی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە “دێهلیی نەو” ڕوویدا و گرووپێک بە ناوی “حیزبوڵلای هێند” ئەو تەقینەوەی وەئەستۆ گرت و لە نووسراوەیەکدا نووسیبوویان کە بە تۆڵەی کوشتنی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و “موحسین فەخریزادە” کەسی یەکەمی بەرنامەی ناوکیی ئێران، ئەو کردەوەیان ئەنجام داوە کە پۆلیسیی هێندووستان ژمارەیەک لەو ئێرانیانەی لە دێهلیی نەو، نیشتەجێن دەسبەسەر کردووە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
هەر وەها دیپلۆماتێکی ڕێژیمی ئێران بە ناوی “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” بە تاوانی نانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەیەکی موجاهدین لە پاریس، کە ئەو بۆمبە لەلایەن ئێرانەوە ساز کرابوو، لەلایەن داگای بێلژیکەوە بە ٢٠ ساڵ بەندکران حوکم درا و سێ کەسی دیکەش هەر لەو پێوەندییەدا هەرکامیان بە ١٨ساڵ، ١٧ساڵ، ١٥ ساڵ حوکم دران کە هەموویان دیپلۆمات و کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە دەیانویست لە ئورووپادا تەقینەوە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، “ستینی هوویر” ڕێبەریی دێموکراتەکان لە مەجلیسی ئەمریکا ناڕەزایەتیی خۆی لە سەر مانەوەی حیزبوڵای لوبنان دەربری و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە حیزبوڵای لوبنان گرووپێکی تێرۆریستییە لە لوبنان و بە بڕیاری ڕێژیمی ئێران کار دەکا.












