گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە ئارادا نیییە و ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنێکی توندوتۆڵ و سەرکوتووانەتر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆی ڕاوێژ دەکا.
ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا “فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمانی”یەکانی خۆی لەبارەی چۆنییەتی گەڕانەوەیان بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، وتووێژیان کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی وردەکاریی ئەو وتووێژە کە بەشێوەی نهێنی بەڕیوەچوو، خۆی پاراست و هیچ لێدوانێکی نەدا، لەسەر ئەوحاڵەشدا “نێد پرایس” وتی؛ واشینگتۆن دەیهەویست متمانە بکات کە لەبارەی بابەتگەلی پێوەندیدار بە ئێرانەوەوە لەگەڵ هاوتا ئورووپاییەکانی خۆی هاوهەنگاوبن و بەیەک ڕێگەدا بڕۆن.
هەرلەم بارەوە “جێن ساکی” وتەبێژی کۆشکی سپی، لە وڵامی پرسیارێک لەبارەی کاتی گەڕانەوەی جۆ بایدێن بۆ بەرجام وتی: هەموو شتێکی بەڕێژیمی ئێرانەوە گرێدراوە، ئەگەر ئەو ڕێژیمە تەواوی بەڵێنەکانی بەرجام بەجێ بگەیەنێ ئەمریکاش پابەندی هەموو بەڵێنەکانی خۆی دەبێ، ئەمریکا دەیهەوێ بەشێوەیەک بگەڕێتەوە بۆ بەرجام کە ڕێژیمی ئێران بەڕاستی پێبەندی هەموو بەڵێنەکانی بەرجام بێت هیچ پێشێلکارییەک نەکات و دەیهەوێ ڕێککەوتنێکی توندوتۆڵ بنیاد بنێت.












