هاوولاتییەکی خەڵکی مەهاباد پاش ٢٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی و دوای گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
“شەپۆل خزری”، خەڵکی مەهاباد، پاش ۲۷ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی ناڕوونە و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە “دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی” بێبەرێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، دوو جار پەیوەندی تەلەفوونیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ئەویش بە زمانی فارسی لەگەڵیان قسەی کردووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: “شەپۆل خزری، لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە”.
و هێزەکانی ئیتلاعات لە پێدانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لە هەمبەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.
ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، شەپۆل خزری، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “سالار ڕەهەوی،دەریا تاڵبانی، ئەفشین مامئەحمەدی و سیروان نووری”، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە مەهاباد، دەسبەسەر کرابوو و تا ئێستا ١١٥ کەس لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زۆربەیان زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەر دەستدا نییە.











