ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەشبگیرییەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی رێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لێژنەی هاواهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە دانیشتنێکی هاوبەشدا، کە بە بەشداریی وەفدەکانی هەموو لایەنەکان بەڕێوەچوو، بە نیسبەت ڕەشبگیرییەکانی ڕێژیمی ئیران لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستیان گرت و ئەم کردەوەی ڕێژیمیان بە توندترین شێوە مەحکووم کرد.
ئەم کردەوانەی رێژیم لە کوردستان بەردەوام بووە و کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتە هەستیارەکاندا، هەوڵی داوە تاکوو بە نائەمن کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی چاوترسێنکردنی خەڵکەوە پێش بە ئەگەرەکانی دیکە بگرێت.
جێگای ئاماژەیە ڕێژەی ئەو چالاکانەی کە تاکوو ئێستا گیراون زیاتر لە ١٠٠ کەسە کە لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزی کوردستانن.
ئەم بابەتە هەستیارە بووە هۆی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتییەوە، بپەرژێنە سەر تاوتوێکردنی سیاسەتە نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت لاوان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستان و پلان و پرۆژەی تایبەت بەم پرسە دیاری بکەن و چالاکانە هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبگرن.












