دەوڵەتی یازدەیەم بڕیاری داوە تا كۆتایی ساڵی ١٣٩٤ گەڵاڵەیەك بۆ مەجلیس ئامادە بكا كە بە پێی ئەم گەلاڵەیە خاوەنكار دەتوانێ خوازیارانی كار كە تەمەنیان ژێر ٢٩ ساڵە، بە كەمکردنەوەی سەدی ٢٥ی مووچەی قانوونی دابمەزرێنێ.
بە جێبەجێ كرانی ئەم قانوونە، هێزی كاری لاو لە ئێران بە شێوەی قانوونی هەقدەستێك وەردەگرێ كە لانیكەمی مووچەی پێشوو دەبێ.
میدیا حکومییەکان ئاشکرایان کردوە کە دەوڵەت بەنیازە بە پەسندكردنی ئەم گەڵاڵەیە لە بەرنامەی شەشەمی گەشەدا، گرفتی بێكاریی ئەم حەشیمەتە لە خوازیارانی كار چارەسەر بكا كە تەمەنیان ژێر ٢٩ ساڵە. ئەم گەڵاڵەیە خاوەنكارەكان هان دەدا كە بە مووچەی ٥٠٠ هەزار تمەنی، نیوەی حەشیمەتی بێكاری ئێران دابمەزرێنن.
لە لایەكی دیكەوە بەپێی پێشنیاری ڕێكخراوی بەڕێوەبەرایەتیو پلاندانان لە لایەحەی بەرنامەی شەشەمی گەشەدا، دەرچووانی زانكۆكان كە تەمەنیان كەمتر لە ٢٩ ساڵە، قانوونی كارو بیمە نایانگرێتەوە.
كۆمەڵێك لە كارناسانی ئابووری لە ئێران پێیان وایە سیاسەتەكانی دەوڵەتی ڕووحانی بۆ ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ تەكڕەقەمی كردنی ئاستی ئاوسان شكستی هێناوەو بۆتە هۆی داتەپینی زیاتری ئابووریی ئێران.
سندووقی نێودەوڵەتیی پووڵ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا كە بۆ ساڵی ماڵیی ٢٠١٦ تا ٢٠١٧ ئامادەی كردووە، پێشبینیی ئەوەی كردووە كە لە ئابووریی ئێراندا نرخی بێكاری لەچاو ساڵانی پێشوو دەگاتە كەمترین ئاستی خۆیو هەروەها دەوڵەت لەگەڵ كەسریی بوودجە بەرەوڕوو دەبێتەوە.