لە درێژەی دەسرێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کۆڵبەران چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و سەردەشت کوژران و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی (چاونیوز) ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕیبەندان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە لە ناوچەی سنووریی نۆکان، کۆڵبەرێک بە ناوی ” خالید ئەحمەدپوور” گیانی لە دەستدا.
کوژرانی ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “هاشم ئەحمەدی” لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزەکانی ئەو سنوورە گیانی لە دەستدا.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو دوو کۆڵبەر لە سنووری بانە بە ناوەکانی “ئەبووبەکر نادمی” خەڵکی مەرزەڵان و کەسێک بە ناوی”یاوەر” خەڵکی ئارمەردە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو بە سەختی بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گوازرانەوە.