ڕۆژی ڕابردوو ١٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی چوارشەممە١٥ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران و شەپۆلی نوێی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بو دابینکردنی لانیکەمی بژێوی ژیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران١٦کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە ١٣ شاری ئێران وەکوو شارەکانی تەورێز، تاران، ئەراک، کرماشان، ڕەشت، ئەردەبیل، مەشهەد، ئیلام، ئیسفەهان، بابۆل، کەرەج و شووشتەر لەبەردەم بینای ئیدارەی تەئمینی ئیجتماعی شارەکان، پشکدارانی بازاڕی بوورس لەبەردەم بینای بوورس لە تاران، کرێکارانی پیترۆشیمی ماهشەهر لەبەردەم دەرگای ئەو کۆمپانیایە و کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیشەی بەرهەمهێنانی شیشەی کاوە لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
هەروەها ناڕازییان دەڵین: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنیی جۆراوجۆری زۆریان پێداوین، بەڵام تا ئێستا نەک هەر جێبەجێیان نەکردووە بەڵکوو هیچ گرینگییەکیشیان بە دۆخی ژیانمان نەداوە و دۆخی بژێوی ژیانمان لەوپەڕی خراپیدایە.