حشمەتوڵا تەبەرزەدی: لە هەڵبژاردنێکی دێموکرات و ئازاددا لەسەتا ٩٠ی خەڵک بەدژی ڕێژیم دەنگ دەدەن.
حشمەتوڵا تەبەرزەدی سکرتێری بەرەی دێموکراتیکی ئێران، بەبڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەموویان جنایەتکار و پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمن لە جیهاندا.
تەبەرزەدی بەبڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، جیاواز لەوەیکە وتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەموویان دز و گەندەڵن و پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمن لە جیهاندا وتی: ئەگەر لە ئێران لە کەشوهەوایەکی ئازاد و دێموکراتدا هەڵبژاردن بکرێ لە سەتا ٩٠ی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیمی ئێران دەنگدەدەن.
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا داوا لە جۆبایدێن سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا و هەموو بەرپرسانی وڵاتانی جیهان دەکا کە پشتیوانیی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بکەن و هەروەها وتی: ئاخووندەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٤٠ ساڵە خەڵکی ئێران دەگرن و لە سێدارەی دەدەن، بەگشتی و وڵاتی ئێرانیان تووشی نەهامەتییەکی گەورە کردووە و هەموو سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران خەرجی میلیشیا تێرۆریستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەکەن و کاتی ئەوە هاتووە کە ئاخووندەکان لە سیاسەت ودەسەڵاتداریی ئێران لاببردرێن.
ناوبراو بە ئاماژە بەبارودۆخی ناڵەباری ئابووریی خەڵک لە ئێران وتی: سەرەڕای ئەوەیکە خەڵکی ئێران تووشی قەیرانێکی گەورەی ئابووریی هاتوون و ناتوانن سەرەکییترین پێداویستییەکانی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تەنیا گیرفانی خۆیان پڕ دەکەن و بەهەموو جۆرێک پشتیوانیی لە تێرۆر وتێرۆریست دەکەن و هەموو دەنگە نەیارەکانی خۆیان کپ دەکەن.