لە بەردەوامیی بە تاڵانبردن و وشککردنی سەرچاوە ئاوی و کانزاکانی کوردستان و تێکدانی ئێکۆسیستمی کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەربڵاوی چالاکانی ژینگەیی، بەنداوی کانی سێو کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە.
لە درێژەی هەوڵی بە تاڵانبردنی سەرچاوە ژێر زەوینییەکانی کوردستاندا، لە کانزای زێڕ و بەرد و ئاسەوارە مێژووییەکانەوە بگرە تا دەگاتە ئاو کە سەرچاوەیەکی هەرەگرینگ و ژینگەییە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەندین مەبەست و لەوانە بە تاڵانبردن و وشک کردنی سەرچاوەئاوییەکانی کوردستان لە بواری ئابوورییەوە کە ئەو پرۆژانە و جێبەجێکردنیان لە ژێر چاوەدێریی خودی خامنەیی و بە جێبەجێکاریی قەرارگای خاتەمول ئەنبیای سپای پاسدارانی ڕێژیم دەکرێ و پارەیەکی یەکجار زۆریان بۆ دەمێنێتەوە و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاو لەم سەردەمەدا پێوەندیی بە ئاوەدانی و سەرمایەیەکی یەکجار گرینگی ژینگەییە کە ئێکۆسیستمی ئەو ناوچانە بەتەواوەتیی لە ژێر کاریگەریی بوون یان نەبوونی ئاودا دەبووژێنەوە یان لە نێو دەچن، کە بەم هەنگاوەیان دەیانهەوێ کوردستانێکی وشک و وێران لە داهاتوودا لەسەر نەقشەی جیهان بمێنێتەوە کە بە کەڵکی ژیان نەیە و لەولاشەوە ناوچە ناوەندی و وشکەکانی ئێران بە ئاوی کوردستان ببووژێننەوە و کوردستان بە هۆی وشکبوونی چۆم و ڕووبارەکانییەوە تووشی کەشوهەوایەکی ناتەندروست و مردوو ببێتەوە.
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ڕێژیم، پێشگرتن لە چوونی ئاوی ڕۆژهەڵاتە بۆ باشووری کوردستان و بەمشێوەیە دەیهەوێ هەم گوشارێک بخاتە سەر باشووری کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆی و هەم بتوانێ ژینگەی هەموو کوردستان بە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە بەتەواوەتیی تێکبدات.
بە گشتیی ئەم هەوڵەی ڕێژیم سەرەڕای هەوڵ و ناڕەزایەتیی چەندین کەس و گرووپی نێوخۆیی کە دەنگیان بە هیچ شوێنێک ناگات، بە تەوژمێکی یەکجار زۆرەوە لە هەرچوار پارێزگاکەی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای سنە کە سەرچاوە ئاوییەکانی لە هەموو ئێران و ناوچەکە زیاترە و سێ ئەوەندەی خودی پارێزگاکە سەرچاوەی ئاوی هەیە وبە گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی بەشێکی بەرچاو لە پارێزگای ورمێ و لەوانە چۆمی زاب و چەندین نموونەی دیکە و بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان و بۆ تێکدان و شێواندنی ئێکۆسیستمی ناوچەکە بەردەوامە.
لێرەدا ئەو ڕاستییە تاڵە دەبێ بە گوێ خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکاندا بدەینەوە کە هەر بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کارناسانی ژینگەیی و ئێکۆلۆژیکی ئەگەر بەو شێوەیە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بە تاڵان ببردرێن، بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوو لە کوردستاندا هیچ ژینگەیەکی تەندروستمان بۆ هیچ گیاندارێک نابێ کە تیایدا بژی.
هەربۆیە پێویستە هەرچی خێراتر هەنگاوی کردەیی و بوێرانە بۆ پێشگرتن لەم ژێنۆسایدە ژینگەییە کە ژێنۆسایدێکی گەورەتری مرۆیی لێدەکەوێتەوە هەڵبگیردرێ و کەمتەرخەمی و بێدەنگیی لەم بوارەدا بە واتای مەرگی ژینگە و تێکدانی ژیانە لە کوردستاندا.











