لەدرێژەی ڕەشبگیرییەکان لە کوردستان دووهاووڵاتی دیکە لە سنە و کامیارن لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” لە درێژەی ڕەشبگیرییەکانی چەند حەوتووی ڕابردوودا ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، چالاکێکی ژینگەپارێز بەناوی “ڕۆئیا جەلالی” خەڵکی شاری سنە بەهۆکاری نادیار و بەبێ بەڵگەی قەزایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها لە ناوچەی کامیاران لە ئاوایی ئەشکەفتان هاونیشتمانییەک بەناوی “جوامێر زاهیدی” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و لەهەمان کاتدا لە شاری “سنە”، چالاکێکی ژنیان دەسبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
جێی ئاماژەیە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، لە ماوەی ٣ حەوتووی ڕابردوودا بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەکی یاسایی کەوتوونەتە گیانی هاووڵاتییانی کورد و کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنییان دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازتۆتەوە و هەندێک لەو دەسبەرکراوانە تا ئێستا بنەماڵەکانیان ئاگایان لە بەرودۆخیان نییە و لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە هیچ زانیارییەکیان پێ نادرێ.











