قادر نیکنەزەر، کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی کاک “قادر نیکنەزەر” کەسایەتی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک قادر کەسێکی جێی متمانەی خەڵکی مەهاباد و برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی “جەعفەر و یوسف گوشوارە”یە کە لە خاکەلێوەی ساڵی ٦٢ی هەتاوی لە شەڕ لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک شاری مەهاباد شەهید دەبن وتێکەڵ بە کاروانی نەمرانی گەل ونیشتمان دەبن.
شایانی باسە کە بنەماڵەی شۆڕشگێری گوشوارە تاکو ئێستا چوار ڕۆڵەیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و حیزبی دێموکراتی کوردستان کردوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” قادر نیکنەزەر” سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.