سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەمساڵیش ڕێوڕەسمی زەماوەندی پیر لە هەورامان بەڕێوە دەچێ.
دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران هەموو ساڵێک هێز و توانای خۆیان وەگەڕ دەخەن کە ئیزن نەدەن زەماوەندی پیر لە هەورامان بەڕێوە بچێ و یان لانیکەم وەکوو خۆی بەڕێوە نەچێت، ئەمساڵیش هێزەکانی ڕێژیم هەوڵێکی زۆریان داوە کە ئەم بۆنەیە لە هەورامان بەڕێوە نەچێ بەڵام بە هەوڵی چالاکانی مەدەنیی هەورامان و خەڵکی شاری هەورامانی تەخت ئەو ڕێوڕەسمە ئەمساڵیش بەڕێوە دەچێ.
زەماوەندی پیر یەکێکە لە ڕێوڕەسمە دیار و بەرچاوەکانی ناوچەی هەورامان کە ساڵانە لە شاری هەورامانی تەخت بەڕێوە دەچێ و لەم ڕۆژەدا لە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران و تەنانەت وڵاتانی دیکەوە خەڵک ڕوو لە هەورامان دەکەن و بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە دەبن.
شایانی باسە کە زەماوەندی پیر هەرچەند بە ڕواڵەت بڕێک دەسکاری کراوە بەڵام تەنیا لەبەر زیندو هێشتنەوەی ئەو کولتوورە دێرینە بووە و یەکێکە لە جەژنە دێرینەکانی ناوچەی هەورامان و چەندین بیروڕای جیاوازی لەسەرە.











