زاخی هانگبی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ئێسرائیل وتی: ئێمە دڵنیاین کە ئەمریکا هێرش ناکاتە سەر ڕێژیمی ئێران و دەبێ ئیسرائیل بە تەنیا هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ئەو ڕێژیمە.
هانگبی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەویزیۆنیدا لە گەڵ کاناڵی”کان” وتی: بۆ ئێمە ڕوون وئاشکرایە کە دەوڵەتی ئەمریکا هێرشی سەربازیی ناکاتە سەر ڕێژیمی ئێران و ئێسرائیل هیچ ڕێگا چارەیەکی نییە بێجگە لەوەیکە لە داهاتوودا بۆ خۆی بەتەنیا هێرش بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.
پاش ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە سانتریفیووژی پێشکەوتووی لە دامەزراوە ناوکییەکانی نەتەنز و فۆردۆ دامەزراندووە، هانگبی بە کاردانەوە لە هەمبەر ئەم کارەی ڕێژیمی ئێران وتی: ئیسرائیل دەبێ بڕیار بدا یان لە گەڵ ئێرانێکی ناوکیی ڕێکدەکەوێ یان ئەوەیکە ئیسرائیل هیچ ڕێگا چارەیەکیی نییە بێجگە لە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.
هەروەها ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: هیوادارم بەرپرسانی ئیسرائیل ڕێگە نەدەن کە ڕێژیمی ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکیی و بە توندترین شێوە بەرەنگاری ببنەوە.