ئەمریکا هیچ وتوووێژێکی لەسەر هیچ بابەتێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەکردووە و بابەتی جۆ بایدن لەبارەی ڕێککەوتنی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕوون و ئاشکرایە.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەسەر ئەوەیکە تائێستا قسە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەکراوە و ئەمریکا تا کاتی وتووێژ مەودایەکی زۆری هەیە، جەختی کردەوە کە هەڵوێستەکانی “جۆ بایدن” سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەهەمبەر ڕێککەوتنی چەکی ناوکیی ڕوون و ئاشکرایە و ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەتەواوی پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت، ئەمریکا وتووێژی لەگەڵ دەکات.
ناوبراو هەروەها وتی:هەرلەم بارەوە هەنگاوگەلێک هەیە کە دەبێ ئێمە بگەین بەو خاڵەی کە دەمانهەوێ و دواتر تاوتوێی پێشنیارەکان دەکەین، لەگەڵ ئەوەیکە دەوڵەتی جۆ بایدن پێش ئەوە لەگەڵ هاوپەیمانان و هەروەها کۆنگرە ڕاوێژ دەکات.
هەروەها “نێد پرایس” بەنیگەرانییەوە لەسەر هەنگاوی ڕێژیمی ئێران لە هاویشتنی ڕاکێتی ماهوارەیی، وتی: ئەو چەشنە کردەوانە هاوکاریی گەشەکردنی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران ناکات، لەبەر ئەوەی ڕاکێتی ماهوارەیی و مووشەکی بالستیک جیاوازیان زۆرە.












