جۆلیۆ ترێزی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیتالیا وتی: ئێمە هاوکات لەگەڵ زۆربەی سیاسەتمەداران وکەسایەتییە ئوروپایی و نێونەتەوەییەکان سکاڵای خۆمان لە هەمبەر بە تێرۆریست ناساندنی ڕێژیمی ئێران داوە بە دادگا.
جۆلیۆ ترێزی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیتالیا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لەوتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییە وتی: ئێمە هاوکات لە گەڵ زۆربەی سیاسەتمەداران و کەسایەتییە ئورووپایی و نێونەتەوەییەکان، داواکارییەکمان بە دژی “ئەسەدوڵائەسەدی” دیپلۆماتی ئێرانی تاوانبار،گەڵاڵەداڕێژەر و کەسی یەکەمی ئەو گرووپەی کە دەیویست کۆنفرانسی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانی لە فەرانسە بتەقێنێتەوە داوە بە دادگا و داوامان لەو دادگا کردووە کە ڕێژیمی ئێران وەکوو تێرۆریستی دەوڵەتی بناسێ.
شایانی باسە کە ئەسەدوڵائەسەدی و هاودەستەکانی ئەمیر سەعدوونی ونەسیمە نەعامی لە مانگی داهاتوودا لە دادگای “ئانتۆرپ” لە وڵاتی بلژیک دادگای دەکرێن.
ترێزی لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: بەڵگەگەلێکی زۆرمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران خەریکی بەڕێوەبردنی “تێرۆری دەوڵەتی” لە خاکی ئورووپادان.
هەروەها ناوبراو داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆیان لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران بکەن و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی “محەممەد جەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر تێرۆری نێودەوڵەتی لە ئێران بکێشنە دادگای نێونەتەوەیی.












