بۆ تەواوكرانی نەخۆشخانەی شائابادی کرماشان بڕی ١٢ میلیارد تمەن پێویستە.
سەرۆكی گشتیی بێهداشتو دەرمانی شاری شائاباد گوتی، دروستكردنو تەواوكردنی نەخۆشخانەی ئەو شار کە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکرێ، پێویستیی بە ١٢ میلیارد تمەن بوودجە هەیە.
بەپێی قسەكانی حەمیدڕەزا بیگڕەزایی، فازی یەكەمی نەخۆشخانەی شاری شائاباد تا ئێستا ٩ میلیارد تمەنی تێچووەو بۆ تەواكردنی ئەم نەخۆشخانەیەو فازی دووی نەخۆشخانەکە بڕی ١٢ میلیارد تمەنی دیکە بوودجە پێویستە.
بێگڕەزایی هەروەها دەڵێ ئەگەر ئەم بوودجەیە لە کاتی خۆیدا دابین بکرێ، لەوانەیە لە کۆتایییەکانی ساڵی داهاتوودا ئەو پڕۆژەیە تەواو ببێ.
ناوبراو لە حاڵێكدا باس لە تەرخانکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکا، کە جێگری یەكەمی سەركۆماری گوتبووی ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت هەروا درێژەی هەبێ، یان بۆ هەر بۆشكەیەك ٣٠ دۆلار بمێنێتەوە، دەوڵەت تەنیا دەتوانێ مووچەی كارمەندەکانی خۆی دابین بكاو هیچ بوودجەیەكی دیكە بە تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەو خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی لەبەر چاو ناگیرێ.