دادگای باڵای بەحرەین حوکمی بەندکرانی بۆ ١٨ کەس لە ئەندامانی گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەرکرد.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە عەرەبییەکان، دادگای باڵای بەحرەین ١٨ کەسی بە تاوانی هاوکاریکردن لە پلانداڕشتنی نانەوەی بۆمب لە شوێنە پڕهاتوچۆەکانی ئەو وڵاتە دەسبەسەر کرد و حوکمی بەندکرانیان بە سەر داسەپا.
ئەو دەسبەسەر کراوانە کە ویستوویانە لە ڕێگای نانەوەی بۆمب لەو وڵاتە تۆڵەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران کە لە لایەن ئەمریکاوە کوژرابوو بکەنەوە لەلایەن دادگای وڵاتی “بەحرەین” بە پێنج ساڵ تا زیندانی هەتاهەتایی حوکم دراون.
ئەو گرووپە هەر وەها بە تاوانی ڕاهێنان بۆ دانانەوەی بۆمب لەلایەن سپای پاسداران و ڕاگرتنی تەقەمەنی لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا مەحکووم کراون.
دادستانی بەحرەین ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو گرووپە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بۆ تۆڵەکردنەوەی ناوبراو پێکهاتووە و ناوی گرووپەکەشیان بە ناوی قاسم سولەیمانی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە چەند کەس لە دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانی نانەوەی بۆمب و هێرشکردن بۆ سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل، وڵاتانی یەکگرتووی عەرەبی و ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەسبەسەر کردوە.
ئەو هەواڵدەرییانە هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەندامانی ئەو گرووپە دەیانویست تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای پاسداران و موحسین فەخریزادە، بکەنەوە.