پاش وتەکانی ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی، ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە بە نێوبژیوانیی وڵاتانی ئورووپایی بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئامادەیە و تارانیش بەڵێنەکانی خۆی لەو ڕێککەتنە جێبەجێدەکا.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لە گەڵ کاناڵی “سی ئێن ئێن” وتی: هەوڵەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی دەکرێ بە نێوبژیوانیی وڵاتانی ئورووپایی جێبەجێ بکرێ و ئەم هەوڵانە دەکرێ بە هاوکاری “جۆزێڤ بۆرێل” بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا خێراتر بگاتە ئامانج و دەتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک بە میکانیزمێکی گونجاو بگەین بە ڕێککەوتنێک کە بە قازانجی هەموو لایەکمان بێت.
لەلایەکیی دیکەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئێران هیچ جۆرە دانیشتنێکی لە گەڵ ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام نەکردووە، ڕێککەوتنی بەرجام وتووێژی ناوێ و دەبێ ئەمریکا گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران لاببا ئەوکات ئێران پێبەند دەبێ بە بەڵێنەکانی لەو ڕێککەوتنە.