وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە تاران ڕێککەوتنی ناوکیی “بەرجام”ی پێشێلکردووە و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام کاتی زۆری دەوێ.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە پەیامێکی تونددا ڕووبە ڕێژیمی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەمریکا هیچ کات ئەوە قەبووڵ ناکات کە ئازادی هاووڵاتیانی ئەمریکایی دەسبەسەرکراو لە ئێران بخرێتە پاڵ پەروەندەی ناوکیی ئێرانەوە، دەبێ ئەو کەسانە بەبێهیچ پێشمەرجێک بە زووترین کات ئازاد بکرێن.
بلینکێن لە وتووێژێکدا بە کاناڵی ئێن بی سی ڕاگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەردەوام بێ لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەوە تەنیا چەند حەوتووی دیکە دەستی بە کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی ڕادەگا.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەوە ئەمریکاش هەوڵ دەدا بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی بگا بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە گەڵ تاران.