ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەشکەنجەدانی عەلی موتیری، لەلایەن سپای پاسدارانەوە کە بوو بەهۆی دانپێدانانی زۆرەملێی بۆ قەبووڵ کردنی کوشتنی دووئەندامی بەسیج و لە سێدارەدانی ئەو ورزشکارەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەتوندی مەحکووم کرد.
لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە کە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە سێدارەدانی ورزشکارە بەنێوبانگەکان و بە لەسێدارەدانی عەلی موتیری قارەمانی بووکس لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا لە بەندیخانەی شیبانی پارێزگای خووزستان، بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو کردەوە دژە مرۆییەی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەتوندی مەحکووم دەکرێ.
چالاکانی مەدەنی و ئەندامانی بنەماڵەی موتیری ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی زۆردا دانپێدانانی زۆرەملێیان بۆ کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج لە ساڵی ٩٨ی هەتاوی و لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لێوەر گرتووە و لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند کە ئەمە سێهەمین سزای سێدارەی وەرزشکارەکانە لە ماوەی ٤مانگدا لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە و داوای لە کومیتەی جیهانی ئولەمپیک کرد کە کومیتەی ئولەمپیکی ئێران بۆ ماوەیەکیی نادیار هەڵپەسێرێ.
شایانی باسەکە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران، ماوەیەک لەمەوپێش ڕایانگەیاندبوو کە دادگای خووزستان عەلی موتیری بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر بنکەی بەسیج و کوشتنی دوو کەس لە ئەندامانی بەسیج بەسزای سێدارە مەحکووم کردوە.












