بڕیارەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ هاوردەکردنی پێکوتەی ڕووسی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی نیزام پزیشکیی ئێران بووەتەوە و سەعید نمەکی، ڕەخنەگەران بە خەیانەتکاری نەتەوەیی و ناپاک ناودەبا دەڵێ: ئەوان سواری شەپۆلە ئابوورییەکان دەبن.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی،٩٨کەس لە ئەندامانی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران،لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاند کە کڕین و هاوردەکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنای ڕووسی زۆر مەترسیدارە و نابێ هاوردە بکرێ و هەروەها لە نامەکەدا نووسییان کە ئەو پێکوتەیە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی تەندروستییەوە ڕێگەپێدراو نییە.
لەلایەکی دیکەوە سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئەوکەسانەی کە ڕەخنە لە کڕین وهاوردەکردنی پێکوتەی ڕووسی دەگرن ناپاک و خەیانەتکاری نەتەوەیین و وەکوو وەزیری تەندروستیی ئیزن بە هیچ کەس نادەم لەم کاتە هەستیارەدا سواری شەپۆلە ئابوورییەکان ببێ.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش مینوو موحرەز ئەندامی کومیتەی ڕووبەرووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڕایگەیاندبوو کە پێکوتەی ڕووسی جێگای باوەڕ نییە و تەنانەت من بۆخۆم بەکاری ناهێنم.