ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کودتای سەربازیی لە میانمار ڕوویدا و سەرکردەی وڵاتەکە و بەرپرسانی حکوومی و حیزبیی دەسەڵاتدار لەلایەن سپای وڵاتەکەوە دەستگیرکراون و سپا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
ئۆنگ سان سووچی سەرکردەی “میانمار” لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەرکراوە و تلفون و ئینتێرنێت لەشاری “ناپیتاو”ی پێتەختی ئەو وڵاتە پچڕاوە و دوای کودەتاکەش سپای میانمار باری نائاسایی ڕاگەیاند و دەسەڵات گواستراوەتەوە بۆ فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان.
سپای میانمار لەڕێگەی پەیامێکی تلویزیۆنییەوە ڕایگەیاند: دەسبەسەرکردنی “سان سووچی” و سەرکردەکانی دیکە لەسەر ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکاندا بووە کە تێیدا حیزبەکەی سان سووچی، حیزبی بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی سەرکەوت.
جێی ئاماژەیە کە، میدیا و ڕادیۆی فەرمیی میانمار لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاند کە بەرنامە و پرۆگرامەکانیان ڕاگرتووە و لە کاردانەوەی کودتاکەشدا “ئەنتۆنیۆ گوتێرێس” سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی کودتاکەیان کرد داوایان لە سپای ئەوڵاتە کرد کە سەرکردەکانی حکوومەت و سان سووچی ئازاد بکات.












