ئیسرائیل هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگڕ بەڵکوو پێش لە پیتاندنی زیاتری ئورانیۆم لە لایەن ڕێژیمی ئیرانەوە بگرێ و هەروەها دەڵێ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام هەڵەیەکی مێژووییە.
بێنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا لە گەڵ کاناڵی”ئەلغەد” سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و کردەوە تێرۆریستییەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەربەو ڕێژیمە کە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن وتی: دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی، هەڕەشەیەکیی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرلەم پێوەندییەدا یۆسی کوهێن، بەرپرسی دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل”مووساد” ڕایگەیاند کە لە سەردانێکی فەرمی بۆ ئەمریکا هەموو ئەو زانیاریانەی کە دەزگای ئیتلاعاتیی و زانیارییەکانی ئیسرائیل لە سەر ڕێژیمی ئێرانیان کۆکردۆتەوە دەخەینە بەرباس و پێشمەرجەکانی خۆمان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام دەدەین بەسەرۆککۆماری ئەمریکا.
پێشمەرجەکانی ئیسرائیل بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، ڕاوەستانی گشتی پیتاندنی ئۆرانیۆم، ڕاوستانی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو، پشتیوانی نەکردنی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستەکانی وەک میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان، میلیشیاکانی عێراق، یەمەن و سووریە و هەروەها کۆتاییپێهاتنی دەستێوردانە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بە گشتی و ئیزندان بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.












