تەقینەوەیەک لەبەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە “دێهلی نوێ”ی پێتەختی وڵاتی هێندوستان ڕوویداوە و دەستی ڕێژیمی ئێرانی تێدابووە.
ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ڕۆژنامەی “ئیندیا توودەی” ڕایگەیاند؛ نامەیەک ڕووبە باڵوێزی ئیسرائیل لە شوێنی ئەو تەقینەقەیەی کە لەبەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە شاری “دێهلی نوێ” ڕوویداوە، دۆزراوەتەوە کە لەو نامەیەدا نێوی قاسم سولەیمانی و موحسێن فەخریزادەی تێدا نووسراوە.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی “ئیندیا توودەی” گومان دەکرێ لەو تەقینەوەیەدا ڕێژیمی ئێران دەستی هەبووبێت، کە ڕۆژی هەینی لە دەرەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە شاری دێهلی نوێ بۆمبێکی چووکەی تەقاندۆتەوە و سەرچاوەکانی دیکە دەڵێن؛ ئەو نامەیەی کە لە شوێنی رووداوەکەدا دۆزراوەتەوە، ئەوە دەخاتەڕوو کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکات و پەیامێکیش بێت بۆ ئیسرائیل کە دەیهەوێ تۆڵە بکاتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، لەو نامەیەدا ئاماژە بە نێوی موحسێن فەخریزادە و قاسم سولەیمانی کراوە کە هەردووکیان ساڵی ڕابردوو کوژراون، موحسێن فەرخریزادە بەرپرسی بەرنامەکانی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بوو کە ساڵی ڕابردووی زایینی لە تاران کوژرا و ڕێژیمی ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنی ناوبراو تاوانبار کرد.