میرنشینی قەتەریش باڵوێزی خۆی لە ئێران بانگ کردهوه.
دوای قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان وڵاتانی عەڕەبستانی سعودیو ئێران لە سەر ئێعدامی یەکێک لە مەلا شێعەکانی عەڕەبستانو پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، کۆمەڵێک لە وڵاتانی عەرەبی دیکەش دەنگیان خستە پاڵ دەنگی عەرەبستانو بە کێشانەوە باڵوێزەکانیان لە ئێرانو پچرینی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، ناڕەزایەتی توندی خۆیان بەرامبەر بە هێرشی کۆمەڵێک بەسیجی بۆ سەر باڵوێزخانەو کۆنسوڵی سعوودیە لە شارەکانی تاران و مەشهەد دەربڕی.
هەر لەو پەیوەندییە دا دۆینێ چوارشەممە ١٦ی بەفرانبار، وڵاتی قەتەریش باڵوێزی خۆی لە تاران بانگ کردەوە. هەواڵدەری قەتەر لە زمانی ئیبراهیم عەبدولڕەحمان ئەلحەمەر، بەرپرسی کاروباری ئاسیای وەزارەتی دەرەوەی ئەو میرنشینە ئاشکرای کرد کە دەوحە ڕۆژی چوارشەممە، باڵوێزی خۆی لە تاران بانگ کردۆتەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە چەند ڕۆژ پێشتر وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بە هێرشی تاقمێک بەسیجی بۆ سەر بالوێزخانەی سعوودیە دەربڕیبوو و ئەو کارەی دژ بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ناوبردوو.