بانگەوازی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەهەمبەر ڕەشبگیریی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
لەو بانگەوازەدا ڕوو لە یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست و ڕێکخراوەکانی ئەندام لە یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست، لەسەر بارودۆخی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵین: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی لاوانی ڕۆژهەڵاتی دەست پێکردووە و نزیک بە ١٠٠ لاوی لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران خستۆتە بەندیخانەوە و ئەو لاوانەی کە دەستبەسەر کراون، سەرجەمیان هەڵسووڕاوی مەدەنی، ژینگەپارێزی و فەرهەنگین، بەڵام هێزەسەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بهشێوهی نامرۆڤانە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی، دەسبەسەری کردوون و ئێستاکە چارەنووسی ئەو لاوانە ناڕوونە.
هەروەها ئێمه وێڕای گهیاندنی نیگهرانیی خۆمان و کهسوکاری گیراوهکان بە ئێوە، داواتان لێدەکەین کە بەزووترین کات هەڵوێستتان هەبێت و هەوڵەکانتان وەگەڕ بخەن بۆ پشتیوانی لەم تێکۆشەرانە، ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەو کارانە لەناوبردنی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە کوردستانی ئێران، بێدەنگی سەبارەت بەو هەڵسوکەوتەی ڕێژیمی ئێران دەرئەنجامی تاڵی لێدەکەوێتەوە.
هەروەها لەو بانگەوازەدا هاتووە کە؛ داواکارین بێدهنگ نهبن و لەم پێوەندییەدا ههنگاوی پێویست بۆ هوشداریدان به کۆماری ئیسلامی هەڵگرن و هاودەنگمان بن بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووس و ئازادیی ئەم بەند کراوانە.











