تاران دژایەتیی خۆی لە هەمبەر وتەکانی مەکرون سەبارەت بە بەشداریی عەرەبستان لە وتووێژی نوێی ڕێککەوتنی ناوکیی دەربڕی.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وتەکانی سەرۆککۆماری فەرانسە لە هەمبەر پێویست بوونی عەرەبستان لە وتووێژە نوێیەکانی ڕێککەوتنی بەرجام لە گەڵ ئێرانی بە پەلەپەل و نابەجێ ناوبرد.
خەتیبزادە هەروەها وتی: ڕێککەوتنی بەرجام پێویستی بە وتووێژی دووبارە نییە و وڵاتانی ئەندام لەو ڕێککەوتنە دیارن و بە هیچ جۆرێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایە و هیچ وڵاتێکی لێ زیاد ناکرێ.
ناوبراو دەڵێ: تەنیا ڕێگەی گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، نەمان و لابردنی گەمارۆکان لە ڕێککەوتنی بەرجام و دەرەوەی ڕێککەوتنی بەرجامە لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەرلەم پێوەندییەدا مەکرۆن سەرۆککۆماری فەرانسە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە زۆر پێویستە لە دانیشتنە نوێیەکان وتووێژەکان و هەرجۆرە ڕێککەوتنێک لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەرەبستان بەشدار بێ و نابێ هەڵەکانی پێشوو دووبارە بکەینەوە ودەبێ هێزە ناوچەییەکان لە ڕێککەوتنی “بەرجام”دا بەشدار بن.












