ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، لە سەردانێکدا بۆ شاری ماهشەهر لە پارێزگای خووزستان وتی: تەنیا هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لەماهشەهر هەژاری و هەڵاواردن بووە نەک بێزاریی لە ڕێژیم.
جەهانگیری ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، یەکێک لە هۆکاری سەردانەکەی بۆ ماهشەهر ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی ناوبرد و وتی: ناڕازییەکان کێشەیان لە گەڵ ڕێژیمی ئێران نییە و تەنیا کێشەیان هەژاری و هەڵاواردنە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ماهشەهر بەدروشمی بڕووخی کۆماری ئیسلامیی و مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی دەستیپێکرد.
شایانی باسە کە تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە قامیشەڵانەکانی ماهشەهر، یەکێک لە پڕکارەساتبارترین و خوێنینترین تەقەکردنەکانی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی ئەو شارە بووە و تەنیا لە ماهشەهر زیاتر لە ١٠٠کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون و کوژراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز لە ڕاپۆرتێکدا لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٧٠ کەس لە هەموو ئەهواز کوژراون و ٢٥٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی عەرەب لە لایەن هێزەچەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرکراون.












