ئەمانوئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە دەڵێ؛ وتوووێژ لەبارەی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەبێ زۆر سەختگیرانە بێت و وڵاتانی ناوچەکە وەکوو عەرەبستانی سعوودیش دەبێ لەو دانوستاندنانەدا بەشداری بکات.
کاناڵی تلویزیۆنی “ئەلعەربییە” کە سەربە عەرەبستانی سعوودییە، ڕایگەیاند کە مەکرۆن لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەوەی کە وتوویەتی دەبێ عەرەبستان بەشداریی لە دانوستاندنی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بکات، باسی لەوەش کردووە کە کاتی پێویست بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕانەگەیشتنی ڕێژیمی بە چەکی ناوکیی زۆر کەمە و دەبێ هەوڵی جیددی بۆ ئەو بابەتە بدەین.
ژانئایو لودریان وەزیری دەرەوەی فەرانسە، لە دیمانەیەکی بڵاوکراوەی خۆیدا گوتبووی: ڕێژیمی ئێران خەریکی دروستکردنی چەکی ناوکییە و دەبێ بە زووترین کات گرینگی ئەو بابەتە بدرێت کە ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی “بەرجام” بگەڕێنەوە.
جێی ئاماژەیە کە، پێشتر بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتی کۆماری فەرانسە وتبووی: ئەگەر رێژیمی ئێران دەیهەوێ بگەڕێتەوە بۆ “بەرجام” دەبێ بەتەواوی واز لە پێشێلکاریی بهێنێت و پێبەند بێت بە بەڵێنەکانی بەرجام و هەموو یاساکانی پەیڕەو بکات.












